زەبوورەکان 138
Kurdi Sorani Standard
بۆ داود.
138 بە هەموو دڵەوە ستایشت دەکەم،
لەبەردەم خوداوەندەکان گۆرانیت بۆ دەڵێم.
2 بەرامبەر پەرستگای پیرۆزت کڕنۆش دەبەم،
ستایشی ناوت دەکەم،
لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دڵسۆزییەکەت،
چونکە فەرمایشتی خۆتت لە ناوبانگەکەت بەرزتر کردووەتەوە.
3 ئەو ڕۆژەی هاوارم بۆ تۆ کرد بەدەنگمەوە هاتیت،
ئازا و بوێرت کردم.
4 ئەی یەزدان، هەموو پاشاکانی سەر زەوی ستایشت دەکەن،
کاتێک فەرمایشتی دەمی تۆیان بیست.
5 گۆرانی بەسەر ڕێگاکانی یەزداندا دەڵێن،
چونکە شکۆمەندی یەزدان مەزنە.
6 چونکە یەزدان بەرزە و دەڕوانێتە کەسی بێفیز،
بەڵام لووتبەرزان لە دوورەوە دەناسێت.
7 ئەگەر بەناو تەنگانەشدا بڕۆم ژیانم دەپارێزیت،
دەست درێژ دەکەیت بەسەر تووڕەیی دوژمنانم،
بە دەستی ڕاستت ڕزگارم دەکەیت.
8 یەزدان ئەستۆپاکیم دەسەلمێنێت؛
ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت هەتاهەتاییە،
واز لە کارەکانی دەستت مەهێنە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.